چەوڵەکی مێوێ ئەبڕن ئەینێژن

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  683 بینین
چەوڵەکی مێوێ ئەبڕن ئەینێژن
کە ڕوا «تڕێ»ی بەری ئەچێژن
کەچی مێوەکەی باوکی کە پیر بوو
کاتێکت زانی بڕیان زووبەزوو
هیچ ناڵێن ئەمە بەرمان خواردووە
ترێی دیاریمان بۆ خەڵک ناردووە
ئەمە عادەتی چەرخی دەورانە
بەنی ئادەمی تێدا میوانە
دیارە دوو میوان لێکیان خۆش نایە
بەرچاوتەنگییە کە شەڕی تیایە
ئەگەر خوا عەقڵی دایتێ چاوتێری
لەگەڵ خوێشانت کەوتیە چاودێری
بێ هەرا و هوریا کەوتنە هەڵکرد
ئەوسا ئەبینی «گۆی هونەر»ت برد
ئەگینە هەتا ئەمری بەدبەختی
لەم جیهانەدا کز و سەرسەختی
ئەمانە زۆر جار پێشان دراوە
بە پەردەی تەماع نەبینراوە
بەڵام تۆ باشی لێک بدەرەوە
چاوبەست لە چاوی خۆت بکەرەوە
ئەوسا دەبینی چەند خۆشە جیهان
تێکەڵی و دۆستی لەگەڵ هەموویان