ئەی ئەو گەورانەی کە فەن ئەزانن
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
1066 بینین
ئەی ئەو گەورانەی کە فەن ئەزانن
بە تەیارەتان لە ئاسمانن
یاخۆ بە جەزبی قووەی کارەبا
ڕادیۆتان پەیام بۆ گێتی ئەبا
ئەم «فەندەڵ فێڵە» کەڵکێ ناگرێ
بەشەر بە فەنی بۆمباتان ئەمرێ
ئەگەر ڕاست ئەکەن چشتێ بێننە ناو
نەفعی عالەمی تێدابێ تەواو
ئەم هەموو گیادار لەناوبردنە
هەموو بۆ هەوڵی زگ تێر کردنە
هەرچی کە نەبێ چاری ئەکرێ
برسیەتیە کەس بەرگەی ناگرێ
سا ئەگەر ئازان چشتێ بێننەدی
بنیادەم ئیتر بێ خواردن بژی
ئەوسا نە شەڕ و نە هەرا دەبێ
ئەم خەڵکە تێکڕا وەک برا دەبێ
نامەوێ چاری مردن بکرێ
مەرگ نەبێ دنیا ئەمەندە ناگرێ
ئەوی کە خواردن بە عەیب ئەزانێ
ئازایە هەڵکا ڕۆژێ بە نانێ
بەڵان ئەگەر بێ و خواردن نەمێنێ
کۆنابێتەوە دوو کەس لە شوێنێ