نۆکەریی دیوان هێندە شیرینە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
911 بینین
نۆکەریی دیوان هێندە شیرینە
چزووی جەزای لا، شانی هەنگوینە
چەند خۆشە بڵێن: موشیر یا وەزیر
لای وایە «هوما»ی بۆ هاتۆتە گیر
«میم»ی موشیر و یای وەزیر «مێ»یە
سەرمەستی «شێر» و «وزر»یش ئەمەیە
نازانێ مەسنەد تا باڵاترە
لەگەڵ لێیان خست داخی زۆرترە
پیاوێ سەد زێڕی دا بە کوڕەکەی
وتی: بۆ ئەوەی شتێ تێدەگەی
کوڕ پارەی هەڵگرت لای وەزیرێ چوو
کە «صدراعظمی» سوڵتان سەلیم بوو
وتی: وا ئەمەم بۆ تۆ هانیوە
تۆم بەم پارەیە موستەحەق دیوە
وتی: تێناگەم! چۆن حەقی منە؟
ئەم قسەیەی تۆ بێ سەر و بنە
وتی: کە یاوز لە سەدرئەعزەمان
چواری کوشت و تۆ، هاتیە جێی ئەوان
وتی ڕاست ئەکەی مەرگم لە پێشە
بەڵام ئارەزووی بەرزی بەکێشە
بنیادەم تیغیان لەسەر ڕاگرن
بۆ سەدرئەعزەمی خۆیان ناگرن
پشیلە ڕزگار بوو لە دەست تیرەزەن
وتی: مشک و ژێر کەندووی پیرەزەن