پیاو کە لە جێگای نزم هەڵئەنگووت
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
1113 بینین
پیاو کە لە جێگای نزم هەڵئەنگووت
هەڵدەستێتەوە بە لووت و بزووت
بەڵام لە جێی بەرز کە کەوتە خوارێ
سەروگوێلاکی ئەشکێ بە جارێ
هەر لێرەم دیوە، دۆستی سەرسفرە
هێندە دەم گەرمە، گوللە نەبڕە
لەگەڵ تەنگانەی ئەو پیاوەیان دی
پڵاوخۆرەکان ئەبنە موددەعی
ئەوانەی کەوا وەفا نازانن
دەمم نایێنێ بڵێم: ئینسانن
خۆزگە ژین دامغەی خەللاقی بوایە
بە ناوچەوانی پیاویا بنایە
ئەوسا ئەوانە کە ئەناسران
لە کۆمەڵی پیاو دەردەهاوێژران
چەندێ کە سوێندی سێ تەڵاق باو بوو
هەندێ سێ بەردی لە گیرفان نابوو
ئێستا سێ بەردە فڕێ دراوە
سوێندی شەڕەف و نامووس لە ناوە
شەرەف لە ئەشراف کە وەرگیراوە
هێندەیان کار کرد «فیکەی» سواوە