بانگی کوردستانە وا دنیایی ئیحیا کردەوە
بۆ ڕۆژنامەی بانگی کوردستان نووسراوە
لە کتێبی:
دیوانی ئەحمەد موختار جاف
بەرهەمی:
ئەحمەد موختار جاف (1896-1935)
1 خولەک
880 بینین
بانگی کوردستانناوی تایبەتە وا دنیایی ئیحیا کردەوە
زامی قەلبی کوردی بێچارەی موداوا کردەوە
باعیسی پێشکەوتنی ئەم قەومەیە ئەو مەتبەعە
ئەلحەق ئەمڕۆ خاکی کوردستانی زێبا کردەوە
سەد شوکور وا لەشکری عیرفان و عیلم و عاقڵی
شاری پڕشۆری جەهالەتیان کە یەغما کردەوە
لایقی تەحسین و فەخری قەومی کوردە چونکە وا
ئەم جەریدە پیر و فەرتووتیشی بوڕنا کردەوە
بانگ و هاوارێکی بەرزە بانگی کوردستان ئەکا
مێشکی دنیای پڕ لە دەنگ و شۆر و غەوغا کردەوە
ژەنگ و تاریکیی جەهالەت وا لە دڵدا دەردەکات
قەلبی مەحزوونی هەموو کوردی موسەففا کردەوە
لاچووە تاریکییی هەوری جەهالەت ئێستەکە
نەجمی ئیقباڵی هەموو کوردانی ڕەخشا کردەوە