هەندێکی وا هەن کە بە زیندەخەو

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 2 خولەک  773 بینین
هەندێکی وا هەن کە بە زیندەخەو
بە خەیاڵ ئەبنە حوکمداری شەو
هیچ نەبێ نیوەی عومریان بە خەیاڵ
خۆش ڕائەبوێرن بە مەوقیع و حاڵ
ئەوانەی کە شوێن پارە ئەکەون
بەو مەراقەوە شەویش بێ خەون
لەولایش ئەبینی کە کرێکارێ
پارەی ئەو ڕۆژەی وەرگرت ئێوارێ
خۆراکی کڕی بە خێر و بە بێر
دەستی ماندووە لەسەر سکی تێر
لەم دنیادا گوزەران وایە
کێ ئەڵێ: گێتی ئاسوودەی تیایە؟
کۆی ئەکەنەوە بە «جەواڵ» و «هۆڕ»
نازانن بۆیان نابرێتە گۆڕ
کردوکۆشییان هەمووی تەباهە
ئەوی لە گەڵیان ئەچێ گوناهە
ئەمانە هەمووی وا لە پێش چاوە
ئینسان لە نیسیان دروست کراوە
ئەگەر نەبوایە بە فرامۆشی
بۆ کۆکردنەوە کێ تێدەکۆشی؟
ئەڵێن پێغەمبەر ئەمەی فەرمووە
پەسەندە بۆیە بە گوێدا چووە
«بۆ دنیا بژی وەبزانە نامری
بۆ ئەولاش، ئەمڕۆ ڕێ لەبەر ئەگری»
فەرامۆشییە جیهان ڕائەگرێ
کێ باوەر دەکا بەیانی ئەمرێ
خوا لەزەتێکی وای داوە بە ژین
لە لامان خۆشە کەڕ و کوێریش بین
برسی و نەخۆش و ماندووی شەڕ و شۆڕ
ژیان هەر خۆشە هەتا لێوی گۆڕ
بنیادەم هیچی لە یەکتر ناکا
وێڵن بە ڕێگای خراپ و چاکا
هەر کەسە پیشەی خۆی لەلا باشە
لە ناو خۆماندا «دەوەن بە ئاشە»
ڕێیەکی وامان نەدیوەتەوە
سەرکەوتنی لێ بوەشێتەوە
هیچ کەس ڕابەری کەس پەسەند ناکا
چونکو نایانبەن بە ڕێی ڕووناکا
هەرچی ڕۆژێکی بەرکەوت بۆ خۆی بوو
خۆی خواردی و هەژار هەر باوکەڕۆی بوو
هێجگار کە «تەموین» سەنگی مەحەک بوو
بایەع بەگزادە و ئەهالی «لەک» بوو
مەگەر ڕاوەستین نەوەی خوێندەوار
پێبگەن ئەوان بکەونە سەرکار
گەسکێ بدەن لەم تێر نەخۆرانە
ئەگینە ئێستا هەر بخۆرانە
ئەو بێ شەرمەی وا ئەمەی کرد دوێنێ
لە ناو میللەتدا چۆن چاو هەڵدێنێ
ئەڵێن چاو بە چاو ئەکەوێتەوە
مەگەر «بێ شەرەف» تەریق بێتەوە
ئێمەیش لە نووسین نابێ ماندوو بین
دەستی وەیسکەیە و سووژنی پۆڵایین