ئاو هەر شوێنێکی گرت ئاوەدانە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
865 بینین
ئاو هەر شوێنێکی گرت ئاوەدانە
زۆردار لە دێیەک دانیشت وێرانە
خۆمان دووی پیاوی زۆردار ئەکەوین
هەروا ئەزانین مەخلووقی ئەوین
هەرچی پەیداکەین ئەو ئەیبا و ئەیخوا
ئەوسایە هاوار ئەبەینە بەر خوا
خوایش ئەفەرموێ کردەی خۆتانە
تەنها پیاوێکە، هێناوتانە
هاوجنسی خۆتان کوشت ماڵتان بۆ برد
بەسەر خۆتانا ئێوە زاڵتان کرد
چاکە و خراپەی خۆتان نەزانن
هەر بناڵێنن کە بار گرانن
لە ناو خۆتانا ئەگەر برا بن
دڵسۆزی یەک بن، بە بێ هەرا بن
هیچ کەسێ پشتتان نادا لە ئەرزی
ئینجا ئەکەوتنە ڕێگەی سەربەرزی
ئەڵێن چوار ڕێوی شێرێ کەوڵ ئەکەن
ئێوە کە شێرن بۆچ پشت هەڵدەکەن؟
لە ڕێی خزمەتی گەلا مەسرەون
وەک شێری بەیداخ ژوور سەرما کەون
ئێوە دوو چشتان بۆ دانراوە
یەکێ پێڵاو و یەکێ کڵاوە
ئەگەر پێڵاو بن ئەتانکەنە پێ
کڵاو بن خەڵکی لەسەرتان ئەنێ
سەر و ژێر کەوتن بە دەست خۆتانە
خوێندن و جەهلە ڕێگای ئەم دوانە