ئەوەی دەرامەد، ئەبەشێتەوە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  642 بینین
ئەوەی دەرامەد، ئەبەشێتەوە
تۆوی چاکەی لێ ئەوەشێتەوە
خوا «قەناعەت»ی دا بە بەندەی خۆی
ڕووی جیهان ئەبێ بە موڵک و ماڵ بۆی
ئەگەر قەناعەت چاوی تێر نەکا
کوێرەوەری و خەم سەری تێ دەکا
خزمی نزیکت خۆشەویستییە
خۆش ڕابواردن، تەندروستییە
کە پادشا بی و لە ژێر «جێ» دا بی
ئەبێ بە خۆشی لەگەڵ کێدا بی
تا لەشت ساغە قەدری بزانە
نەخۆش بی لە لات دنیا زیندانە
تا دەستت هەیە دەستت درێژ بێ
نەک لە پڕ ڕۆژێ ڕێت سەرەولێژ بێ
کە لە دنیادا بۆم نەکەیتە تەشت
گوایە بە خێرت ئەمبەیتە بەهەشت؟
بەچی دەزانی کە خۆت بەهەشتیت
ئەبینم چەشنی تەریقەی چەشتیت
لە «پاپا» و شێخان بەهەشتیان ئەکڕی
عەقیدەی عەسری، ئەو نانەی بڕی
«نێرە بیدۆشە» بۆ مرید باو بوو
چی بکەین؟ ئەو دەورە، مۆدەی تەواو بوو
کە ئەو لە پێستی خۆیا نەوەستێ
ئەم خەڵکە دەمی خۆی بۆچ ئەبەستێ؟