بە «مازوو» لە دەست چوو بوو سەرمایە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
966 بینین
بە «مازوو» لە دەست چوو بوو سەرمایە
ئەیویست بە «سیچکە» بێتەوە کایە
قەرز نەیدەیتەوە نابڕێتەوە
بەرتیل جێگای قەرز ناگرێتەوە
سەد چاکە بکەی لەگەڵ ناپیاوا
کە دڵت شکاند ئەیدا بە ئاوا
بە قینی دوژمن دۆست لەدەست مەدە
دوو کەس حەق بێژە و بەدگۆ دووسەدە
تا بە چاوی خۆت چشتێ نەبینی
مەکەوەرە سەر ڕێگای بەدبینی
لەسەر کاری چاک هەرگیز مەوەستە
بۆ تۆڵە پەلی «پەلە» ببەستە
کە دڵت شکاند خێرت پێ نابڕێ
کە شووشەت شکاند پینە ناکرێ
هێواشی، ئەسپی تۆڕ ئەحەملێنێ
سرکەی توند قاپی خۆی ئەتەقێنێ
بۆ دروێنەی بەد پەرێزت پاک بێ
بەڵام لای گەورە زوبانت چاک بێ
قسە لە پێشدا لێک ئەدرێتەوە
لە دەم ترازا ناگەڕێتەوە
دەست بۆ تەنگانە ئەبێ بە پەڕژین
زوبانە سەرت ئەدا بە بڕین
خوا ئیختیاری داوەتە دەست خۆت
ئەگەر خۆت چاک بێ عالەم چاکە بۆت