هەرچی کە پشتی بە بەندەی خوا بەست

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  692 بینین
هەرچی کە پشتی بە بەندەی خوا بەست
خوا بەو بەندەیە ئەیخا و ئەیکا پەست
بۆ هەموو کارێک هیوات بە خوا بێ
ئەوسا ناترسی کارت لە دوا بێ
کاری وا هەیە کە خۆت ئەتەوێ
زۆر پێت ناخۆشە بۆت ڕێ ناکەوێ
دوایی ئەبینی ئەگەر بۆت ئەبوو
هەرچی کە هەتبوو لە کیست ئەچوو
زۆر جاریش چشتێ کە تۆ ناتەوێ
خێرێکی زۆرت لێ چنگ ئەکەوێ
«تُحِبُّوا شَیْئا» شەڕی لەدوایە
«تَکْرَهُوا شَیْئا» خێری تیادایە
کەسێک ئەبینی حەزی لێ ناکەی
دوایی سوپاسی ئەکەی بە چاکەی
کەوابێ تۆ خۆت نییەتت پاک بێ
ئەوسایە دۆستت ئەبێ بۆت چاک بێ
لە هیچ ئیشێکدا بەددڵی مەکە
لە کاری گەلدا سەرچڵی مەکە
تۆ بۆنی شیری خاوت لە دەم دێ
کە ڕێ نازانی چۆن ئەگەیتە دێ؟
بەردێ هەڵگرە کە بیوەشێنی
نەک شان و قۆڵی پێ بڕەنجێنی