نادان ئەگەر بێ و ژوور دانا کەوێ
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
1241 بینین
نادان ئەگەر بێ و ژوور دانا کەوێ
دانایی دانا، هیچ داناکەوێ!
دووکەڵ لە ئاگر هەر چەند لە ژوورە
ئەو چاو دێشێنێ و ئەو بۆ چاو نوورە
بڕوانە «برۆ» بەسەر چاوەوە
ئەو کەچ و ئەم ڕوون لە سەرچاوەوە
دڕک و داڵ کە وان بەسەر دەریاوە
قەدری مرواری پێ نەشکاوە
کەری کوڵ کە پێش حوشتر ئەکەوێ
بەوە قیمەتی حوشتر نانەوێ
مەڕوانە ئەوە کە ئەمڕۆ دوونان
«قەلە مردارێ» کردنی بە چوار نان
گڕ و پفێکە ئاگری دزان
کە ڕۆژیان لێهات، لە تەندوور خزان
پەرێزت پاک بێ، با گوڵەوەچن
لەسەر شوێن پاکی لێت بێ بە دوشمن
کەروێشک لە خەودا چاوی ئەبینێ
کە «دیاردیت» لێ کرد توند ئەیقووچێنێ
ئەوەی کە ئابڕووی نا بە تاقەوە
کاتێکت زانی بوو بە فاقەوە
مەلی بەسەزمان گۆشتی ئەخورێ
دڕندەیش گۆشتی دەرخوارد ئەدرێ