مەلای مەزبوورە چووبوە سەردارێ

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  706 بینین
مەلای مەزبوورە چووبوە سەردارێ
لقێکی ئەبڕی بیکا بە بارێ
ئەیویست ئەو لقەی خۆی وا لەسەری
لە بندا ببڕێ، عەقڵی وای بڕی
ڕێبوارێ پێی وت: مەلای سەر دارێ
ئەو لقە ببڕی ئەکەویە خوارێ
مەلا لێی نەبیست، سا ئەو بەڕێ بوو
ئەم لەگەڵ لقدا سەرەنگرێ بوو
کە کەوتە خوارێ وتی: ئەم پیاوە
لە غەیب ئەزانێ، «وەلی» تەواوە
ڕای کرد، چوو پێی وت: کەرامەت دارێ
تۆ کە زانیت من ئەکەومە خوارێ
ئەڵبەت ئەیشزانیت کە من کەی ئەمرم؟
توخوا پێم بڵێ لەبەرت مرم
وتی: عومری تۆ پێت بڵێم چەندە؟
بە سێ بای زگی ئەو کەرە بەندە!
منیش بەوانەی کە «کۆبۆن» ئەکڕن
ئەڵێم: لقی ژێر خۆتان ئەبڕن
میللەت دارێکە کە سێبەردارە
چۆن لق و پۆپی ئەشکێ ئەو دارە؟
دەستی داد زۆریان ئەخاتە خوارێ
کەچی عار نانێن بە کەوتنی جارێ
وا چاکە بە داخ نیشانەیان کەن
کە عاریان نەنا، ڕەوانەیان کەن