کیسەی باخەڵت و کاسەی هەژاران

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  585 بینین
کیسەی باخەڵت و کاسەی هەژاران
خاڵی کە و پڕ کە ئەبی بە یاران
دوو ڕێت لە پێشە لە «گردی سەیوان»
هەواری ئەمان، هەواری ئامان
وەک خاک بە فەیز بە، بۆ هاوجنسی خۆت
خاکیش ئەبێتە دایکی دڵسۆز بۆت
ئەوەی ماڵ لە خەڵک بە زۆر ئەسێنێ
گۆڕەوشار هەمووی لە زک دەردێنێ
جۆ بۆ فەقیر دێت، ئەیدزن ئەیبەن
گۆڕ وایە وەک کەر، کلک و گوێیان کەن
ئەوانەی کووتاڵ لە خەڵک ئەگۆڕن
بێ بەرگ و کفن شایستەی گۆڕن
ئێستا دزێتی بووە بە هونەر
نازانم ئەمە چۆن ئەچێتەسەر
دەستبڕ کە دەستی لێ هەڵئەبڕن
ڕۆژێکیش ئەبێ دەستی ئەبڕن
کێشانە بەڕاست ئەمری قوڕئانە
ئێستا بە «قەپان» قەپان قەپانە
یاخوا ئەوانەی کە سەنگیان سووکە
گورزیان گران بێ بە «مەڕنەمووکە»