دنیا لەسەر هیچ بارێ ناوەستێ
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
1064 بینین
دنیا لەسەر هیچ بارێ ناوەستێ
نابێ پیاوی ژیر پشتی پێ بەستێ
هێجگار ئەوانەی کە لەم دیوانەن
ئەگەر بایی بن، شێت و دێوانەن
چونکو لە پڕێک کلکیان ئەگیرێ
«بێنە و بیبە»یان لێ وەردەگیرێ
کەوای دیوانیان لەبەر داماڵێ
ڕوویان نایێنێ بچنە هیچ ماڵێ
بەڵام ئەو کەسەی سروشتی چاکە
لە ناو گێژاوی چەرخا بێباکە
ئەڵێن چەرخ لەسەر بارێ نامێنێ
ئەمڕۆ گەدایە، کە شا بوو دوێنێ
سەگی بە وەفا کە مووچەدارە
پشیلەی زیانکار بەشی هەر دارە
ئەم دووگە چەورە بێ بەڵا نییە
مەڕوانە ئەوەی کەسی لا نییە
شەیتان ڕووی کردە لای هەر سەرمەستێ
دەمودەست دەم و دەستی ئەبەستێ
زوبانیش زۆرجار مایەی زیانە
دەم و دەستی چاک خۆشی ژیانە
ئەگەر هەڵت کرد بە وشک و بە تەڕ
ناوی خۆت بنێ پاشای بەحر و بەڕ