هەندێ کەس کە هات نۆرەی خۆی دەست کەوت
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
760 بینین
هەندێ کەس کە هات نۆرەی خۆی دەست کەوت
ئەبینی سووکێ بە دارا سەرکەوت
کە بەرز بووەوە هێند بێ ترس ئەبێ
ئەمەندە ئەخوا هەتا قورس ئەبێ
کە قورس بوو ئیتر دار ڕای ناگرێ
تەقڵە لێ ئەدا بە سەرەنگرێ
وا چاومان لێیە ئەو چی بەسەرهات
کەچی لەو زیاتر ئەکەونە هەڵات
مێشێ لە هەنگوین کە پێی گیر ئەبێ
تا دێت مێشی تر لێی شێتگیر ئەبێ
میوەی نەگەییو زگ ئەیەشێنێ
تەماع بۆ پیاوان ڕووزەردی دێنێ
وا گەورەی دیوان کەوتۆتە بژار
لاڵ و پاڵ کەوتوون مشک و مار پەژار
ماری کەسیرە کە کەوتە هەتاو
هیچ ئامان نادا بە ژن و بە پیاو
دەرمانی ژاری مار کە تریاکە
ئێستا بە تریاک زۆر کەس هیلاکە
پشیلەبۆر وتی: نەمرم بەو تیرە
من و مشک و جێی ئەو ژنەپیرە
ئینسان وا ناڵێ چاوی ناترسێ
هەلی بۆ هەڵکەوت لە هیچ ناپرسێ
خوا فەرمووی: ئێمە ئەمانەتیمان
هاتین خستمانە سەر کەژ و کێوان
هیچیان نەیانویست «ئیبا»یان لێ کرد
لەو لاوە ئینسان پڕی پیا کرد