ئەڵێن بەرد لە جێی خۆیا سەنگینە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  2573 بینین
ئەڵێن بەرد لە جێی خۆیا سەنگینە
ئەوی کە تۆرا، بچۆ بیبینە
ئاو کە مایەوە و نەڕوا لەبەری
کەس لەبەر بۆگەن ناچێتە سەری
ئاگر مەرحەمەت بۆ کەس نانوێنێ
بیشی پەرەستی، هەر ئەتسووتێنێ
دار چاکە ئەگەر بێتو بینێژی
زۆری پێ ناچێ بەری ئەچێژی
دزێک نیوەشەو ئەچێتە ماڵێ
ئەیەوێ هەرچی تیایە بیماڵێ
لێی ڕائەپەڕن، ئەڵێن کوڕە کێی؟
ئەڵێ: من «بەگچی»م باوەڕ ئەکەن پێی
ئەڵێن بەگچی چۆن بێ دەهۆڵ ئەبێ؟
ئەڵێ بەیانی گوێتان لێ ئەبێ!
بەیانی دەهۆڵ دەنگی دایەوە
بەگچی دزیبووی، هیچ نەمایەوە
پف لە دۆ ناکا، ئەوی لوا بۆی
هەر کەسە بووە بە دزی گای خۆی
دز و خاوەن ماڵ ئەگەر یەک کەوێ
بە کونەباندا گا سەردەکەوێ
پەندی پێشینان کە بێ مەعنایە
هەم «بێ بەهایە» هەم «بێ بەهایە»!!