هەر قینت هەڵسێ و دەست بوەشێنی

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  832 بینین
هەر قینت هەڵسێ و دەست بوەشێنی
پەتی ژیانی خۆت ئەپچڕێنی
خەتی جارانمان جەوهەری شیر بوو
نەخوێندەوارمان ئازا و بەگیر بوو
ئێستە بۆمبایە لەگەڵ کەوتە کار
نە شیرت دێڵێ و نە دار و دیوار
جاران ئەیانگوت فڵان کەس مەردە
لە لێقەوماندا کوردی نەبەردە
ئێستا کەلیمەی «مەرد» وەرگەڕاوە
لە جێی ئەو «درەم» پەسەند کراوە
«دینار»یش ناوی بە فارسییە
«دین ئار»ە و پیشەی فریادڕەسییە
کەچی دینارە جێنشینی دین
سەودای ئەو بووە بە لەکەی ئایین
پارەدار ئەڵێ: خۆ ئەم قسانە
واتەی لاتییە و داخی دڵیانە
ڕاست ئەڵێن بەڵام ئەوانیش بە فێڵ
هەزار هەژاریان خستۆتە ئەشکێڵ
ئاخ چبکەم ئەمە دەردێکی قورسە
کە ترس لە پرسە، لەویش مەپرسە
شاعیر لە هەموو نەزمێ ئەیێژێ
نەیزانی شیری داپیر ئەڕێژێ