مردن بە عیززەت تەنها جارێکە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
1105 بینین
مردن بە عیززەت تەنها جارێکە
ژیان بە زیان گران بارێکە
نابێ دوژمنی خۆت بە کەم بگری
دەرزی خوێنی ڕەگ بەردا پێی ئەمری
تا ترسی مردن نەهاتۆتە پێش
قوربان قوربانە لە ئاقاری پێش
لە سەرەمەرگا دێیتە تەنگانە
گیانی فرزەندیش لەلات قەڵغانە
زۆر برا هەیە، کە ماڵی بڕا
لەگەڵ برایشا برایی بڕا
تا باوک ماوە برا برایە
میرات کەوتە ناو هەراو و هوریایە
هەندێ تەماعیان هێندە مەحکەمە
سوێندی درۆیان خوارد لە مەحکەمە
حوججەتی حەجە مایەی درۆیان
«حجرالاسود» ڕوی کردە ڕوویان
گوناهـ لە پارە بە وەفاترە
تەنها گوناهە هاودەمی قەبرە
حاجیەتی بۆ من زۆر کەڵک ئەگرێ
باوەڕ بە سوێندی درۆم ئەکرێ
نازانم دنیا داری بێ بەرە
دەورەی ژیانم پێچی مێزەرە