پاییز هات گەڵای داری هەڵوەراند

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  1043 بینین
پاییز هات گەڵای داری هەڵوەراند
وەیشوومە پشتی بێ پشتی شکاند
دار ڕووت بوو گەڵای کەوتە بنەوە
پیر و جوان تێکڕا لێک ڕاست بوونەوە
ئەو درەختانەی کە وا بێ بەرن
ئەشێ هەر وەکوو کەوا بیبڕن
پیاویش کە وا خۆی لە خۆی بگۆڕێ
بێ بەرە، بیبڕە، بیخەرە گۆڕێ
«کَفَی بِالشَّیْبِ وَاعِظا» هەیە
نایەتە بیرمان کە پیری کەیە
«حَسْبُنَا اللَّهُ وَنِعْمَ الْوَکِیل»
بۆ هەموو کارێک ئەبێ بە دەلیل
«أَطِعْ رَبَّکَ تُسَمَّی عَاقِل
وَلَا تَعْصِهِ تُسَمَّی جَاهِل»
فەقیر لای خواوە کە ڕزقی بۆ بێ
لەولاوە زۆردار دێت و تێی ڕۆدێ
ئەڵێن ئەوەی چشت لە خەڵک ئەفڕێنێ
پەردەی نامووسی خۆی ئەدڕێنێ
واتەی کەم دەستە ئەم بەند و باوە
ئێستا هەڵمەت و فڕاندن باوە
خوا زۆر بە حیلمە و ئێمە بە پەرۆش
دەریای غەزەبی درەنگ دێتە جۆش