ڕەجمی شەیتانی حەجی موسڵمان
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
935 بینین
ڕەجمی شەیتانی حەجی موسڵمان
قەومی یەهود و کوشتنی هامان
حەدیسە ئەڵێن: دوو ئەبێ بە سێ
«هیتلەر» سێیەمە، چۆن ئەخەلەسێ؟
«هیتلەر» نەک تەنها یەهوود بەتەنێ
دەست هەرچی کەوێ پێستی ئەکەنێ
خۆزگە شەیتان و هامان و هیتلەر
چاومان لێ ئەبوو کە ئەکەونە شەڕ
بانگمان کردایە بە هەلەل هەلەل
قوڕقوڕاگەی یەک هەڵێنن سەگ گەل
شەیتان زۆر کەسی لە ڕێ وەرگێڕا
هیچیان وەک هیتلەر شەڕی نەگێڕا
یەکێ لەوپەڕی دنیا بەدکارە
لەم پەڕی دنیا بە جنێو لێی بارە
هەندێ گوناهی ئەبێ بە زرێ
پەیکانی تیری دوعا نایبڕێ
عاقڵ لە کاری خودا نەزانە
«لَا یُسْأَلُ عَمَّا یَفْعَل» قورئانە
بە مێشوولەیەک نەمروود ئەکوژێ
خوێنی دنیایەک بە هیتلەر ئەڕژێ
هەندێکیش بۆیە بەرز ئەبنەوە
کە کەوتنە خوارێ دەم ئەکەنەوە
نانی دەلیلی حەجاج ئەبڕێ
پێشڕەوی حوشتر بە کەر ئەبڕێ!