خۆزگە هەر کەسێ کە حەفتەی ڕابورد

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  627 بینین
خۆزگە هەر کەسێ کە حەفتەی ڕابورد
چاکە و خراپەی بەراورد ئەکرد
تێبگەییایە لە کردەوەی خۆی
بیزانیایە کامیان چاکە بۆی؟
ئەوسا ئەخلاقی بەشەر چاک ئەبوو
لە ڕاستی یەکتر دڵیان پاک ئەبوو
ئەمڕۆ بە بێباک واین لە جێگادا
سبەی بێ توێشوو، واین لە ڕێگادا
دوێنێ هەتاو بوو، ئەمڕۆ سێبەرە
پێنج و دوو ڕۆژێ، پێچی مێزەرە
لە پێش چاومانە زرت و زیندووە
کە بەلادا هات ڕوانیت مردووە
بەڵام بنیادەم هێندە بێعارە
سەردەنێ و ئەڕوا، بە بێ هەوسارە
خوا ئەمانەتی دا بە کێو و گرد
هیچیان نەیان ویست ئیبایان لێ کرد
کەچی بنیادەم گرتیە ئەستۆی خۆی
وایزانی سووکێ ئەبێ بە ماڵ بۆی
ئێستا کە داوای لێ ئەکەنەوە
ملپێچی ئەکا بە شیوەنەوە
ناڵێ ئەم عومرە لام ئەمانەتە
دەست پیا گرتنی بۆم خیانەتە!