دنیا بە جارێ وەک ئاگری سوورە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  854 بینین
دنیا بە جارێ وەک ئاگری سوورە
شوکور ئەم ئاگرە لە ئێمە دوورە
بەڵام لەملاوە پەتی ئیحتیکار
لە ملمان توند بوو، خستینیە هاوار
برنجمان ئەبەن، بە ڕەنج ئەمێنین
دڵمان وا خۆشە کە نەوت ئەستێنین!
هەر چیمان هەیە بە «نۆت» ئەبرێ
کە خواردمان نەما، «نۆت» خەمشەی بڕێ
بزن بە مەڕی گوت وا زستان دێ
با خانوچکەیەک بکەین نزیک دێ
مەڕ وتی زستان با هەر بە جۆش بێ
خانووم بۆ چییە، دووگی خۆم خۆش بێ
کە زستان هات مەڕ چووە لای بزن
وتی: بزن گیان! ڕەفیقت بووم من
وتوومە بزن لە جێی گشت کەسمە
تەنها جێی سەرم بدەرێ بەسمە
بە زۆر سەری خۆی لە کوڵانە چەسپاند
گورگ هات لە دواوە دووگی لێ فڕاند
مەڵێن: پیرەمێرد واتەی بۆش ئەکا
بزن بۆ شەوێ جێی خۆی خۆش ئەکا
ئێمە کە «مازوو» لە دەست دەربێنین
دیارە بە «سیچکان» تۆڵە ناسێنین
من لێبوومەوە لەم پەند و بەیتە
من وا بۆ تۆمە، ئەی تۆ بۆ کێتە؟