گوناهیش ئەکەی با پەنهانی بێ

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  596 بینین
گوناهیش ئەکەی با پەنهانی بێ
با نەزانی تۆ، کەس نەزانی بێ
کە جارێ ناوی خراپیت زڕا
هیوای باوەڕی خەڵکت لێ بڕا
کابرایە جارێ درۆی کردبوو
درۆزنێ بوو، ئاگر لە ماڵ چوو
عیززەتی نەفسی خۆیشت مەشکێنە
واز لە تەمەننای ئاوێنە بێنە
ژووری زستانە پڕ فەرش ئەکرێ
میوان قۆندەرەی قوڕی پێ ئەسڕێ
برسێتی ڕەگی هاری پێوەیە
کەچی ڕەمەزان هەر لە جێوەیە
برسی وا هەیە کە لە داخی خوا
ئەگەر ڕەمەزان بێتە لای ئەیخوا
هی وایشمان هەیە هەشت نۆ نەوع تەعام
لەبەر دەمیایە و پێی دەڵێ بێ تام!
لەزەتی خواردن هەر لە دەمدایە
لە «دیزەڕەشدا» هەر یەک هەوایە!
ئاخ ئەرکی دیزەی ڕەشمان نەبوایە
کێ بە کێی ئەگوت ئەمە پاشایە؟
خۆزگە حەکیمێ بە دڵسۆزییەوە
چارەی برسێتی ئەدۆزییەوە
ئەوسا نە «هیتلەر» ئەم شەڕەی ئەکرد
نە بۆ نان کەسێ لە برسا ئەمرد