ئاو مردوو و زیندوو پاک ئەکاتەوە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  739 بینین
ئاو مردوو و زیندوو پاک ئەکاتەوە
گڵ گڵاویمان لێ ئەشواتەوە
وادیارە ئێمە لە ئاو و گڵین
لە سروشتمانا پاک و یەکدڵین
کەچی بە جۆیێ هەوا ئەستێنین
ئەبین بە ئاگر خەڵک ئەسووتێنین
ئاگری جەهەننەم ناهێنینە بیر
بە پاڵی شەیتان ئەکەوینە «بیر»
چونکو ئاگرەکە لە پێش چاو نییە
هەندێ ئەڵێن «حەو! جەهەننەم چییە؟»
کەوتینە دەورێ، تێکەولێکەیە
هەژار هاواری پاروو و تیکەیە
خەیاڵی ئاش و ئاشەوان جوێیە
هیچیان نازانن دانیان لە کوێیە
کاتێ باراش هات هەر دووکیان ئەیخۆن
ئاوی ئاش ببڕێ، بەرداش لەسەر خۆن
ڕۆن و برنج کڕ «نۆت»یان زۆر پێیە
چۆلەکەی دەشتی و بەردی دەشتێیە
ئێستا کل نادەین بە برینەوە
با سارد بی ئەوسا سارد ئەبینەوە
ئەم «تەق، هاویتە» بۆ تەقاویتە
مەعاشیان کەمە و نانیان بێ پیتە
ئەوی هەتیو و لێکەوتوی ناوێ
خوا لە دەفتەری خۆی دەریان هاوێ