کە دەزوو بکەی بە دەرزییەوە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  516 بینین
کە دەزوو بکەی بە دەرزییەوە
ئەگەڕێی کونی بدۆزییەوە
بەڵام کە ویستت هەودای وەرگەڕێ
پەنجەت گەیشتێ خۆی دێتە دەرێ
چاکە وەک دەزوو پێوەکردنە
خراپە هەودا لێ لابردنە
هەندێ بە هەوەس خراپە دەکەن
لە لای کاربەدەست بەوە دەردەبەن
فەسڵێ بەدکاریان هێنایە کایە
فەسڵێ دەور گۆڕا ئەو لە کارایە
«خوا دەفەرموێ: من بمویستایە
چاکەم دەخستە ناو ئەم دونیایە»
دیارە ئەمانەی کەوا بەدکارن
حوکمی ئارەزووی پەروەردگارن
کە وایە بۆچی و گلەیی لە کێ؟
دیارە کە خوا خۆی گەردشی ئەوێ!
ئەگینە «هیتلەڕ» یەک گیانی هەیە
چۆن ڕێی پشێوی جیهانی هەیە؟
خوێنڕێژ «مەنفووری» هەموو دنیایە
ئەو «پەرستیدەی» ئەڵمانیایە
ئەم نەگبەتییە کە شانی گرتوون
کاتێکت زانی هەموویان مردوون