کە چاوت بڕییە عەیبی هاوماڵت

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  767 بینین
کە چاوت بڕییە عەیبی هاوماڵت
لەو خراپتری هاوار بە ماڵت
لە قیسمی ئافرەت، ئەوی بێعارە
لە پێکەنین دا بە دانیا دیارە!!
پیاوخراپ توند بێ و بێ شەڕ بگێڕێ
سپێنەی چاوی لێ وەردەگێڕێ
ئەو کەسەی لە ناو عەواما دوورە
بێ قڕە و بێ وەی، ڕەنگی هەر سوورە
مەلا پڕ دەمیان کرد لە ترخێنە
حوکمیان لێ ئەکرد، وەعز بخوێنە
شێرەبەفرینە لە درۆ بکرێ
بەرگەی هەتاوی ڕاستی ناگرێ
ئەگەر بزانی تێنەگەیشتووی
کاتێک نەزانی کە پێگەیشتووی
پیاوچاک مەدحت کرد، ئەو شەرم ئەیگرێ
کە غەیبەتت کرد، گوێی لێ ناگرێ
خۆت مەئاڵێنە خۆشەویستییەوە
ئەوە بزانە دوور ئەکەوییەوە
دەعیە ڕەنگێکە ئەدرەوشێتەوە
بەڵام «زەرکەفتە» زوو ئەچێتەوە
خەو و مەرگ هەر دوو برای یەکترین
لە مەرگ بێزارین، بۆ خەو ئەگەڕێین