هەندێ «کەللە» هەن کە مێشکیان تیایە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  638 بینین
هەندێ «کەللە» هەن کە مێشکیان تیایە
هەرچی کە ئەیڵێن لای «نادان» بایە
هەندێ وەک «تەپڵ» کە پڕە لە «با»
با، دەنگی ئەوان بۆ ڕێی دوور ئەبا
مەلایەکی باش، مەلای دێیە بوو
جاش مەلایەک هات بە گژییا چوو
وتی: خەڵکینە ئیمتیحانمان کەن
خۆ شوکور ئێوە زۆر چاک تێئەگەن!
وتی: سا مەلا! گایەک بنووسە
تۆ نەتخوێندووە، زوبانت لووسە
مەلا «گا»ی نووسی بە دوو حەرفی ورد
هێندە ورد بوو کە چاو کاری لێنەکرد
ئەوی تر ڕەسمی گایەکی کێشا
هێندە زەلام بوو باری ئەکێشا
خەڵکەکە وتیان: ئەمە گامێشە
ئەوی تر لە «گا» ناکا، «گوومێشە»
جا ئێستاش فکری «عەوام» هەر وایە
زۆر کەسمان تێکەڵ بە کەر و گایە
ئەگینە دانا چۆن باوەڕ ئەکا؟
لەم شەڕە «هیتلەر» سەری خۆی دەرکا
نەخوازەڵا خودای عادل و عالم
چون مەخلووقی خۆی ئەدا بە زاڵم؟