ئەڵێن: جەهەننەم لە ژێر زەمینە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
914 بینین
ئەڵێن: جەهەننەم لە ژێر زەمینە
بە ئاگری ئەوە ئەو گەرما و تینە
ئەی خۆ ڕەشەبا کە لە بەرزییە
گوایە بوارەی کونی دەرزییە
هێجگار ئەو عەیشی ئێمە تاڵ ئەکا
بە تۆز و غوبار چاو بەدحاڵ ئەکا
ئەم شارەی ئێمەی کردووە بە «مەکۆ»
هەرچی دێت بڕوا، بانگ ئەکا مەڕۆ
فێری فیشاڵی وەهامان ئەکا!
فەلەک لە دەستمان بەرد بە با ئەکا
ئەم بایە ڕەنجمان ئەدا بە بادا
با، با نەیکەینە، سەر لە هەوادا!
تاوتاو کە هەتاو لێمان دێتە ناو
هەناومان ئەکا بە شێلمی پیشاو
کەچی بە سەرمایش «کەسیرە» ئەبین
بایێکی لێداین لە «برە» ئەچین
نازانین بەرگەی هیچیان ناگرین
گا کلکی لێداین، ئەکەوین، ئەمرین
هێندەیش بە نەفسی خەڕۆمان بایین
هەر لە پەیجۆری خەیاڵی شایین
هێندە بەرز ئەفڕین باڵمان شل ئەبێ
دوایی شکانی سەر و مل ئەبێ