هەندێ تەبیعەت وەک دووکەڵ وایە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  960 بینین
هەندێ تەبیعەت وەک دووکەڵ وایە
بە گەرد و خولە و سەر لە هەوایە
هەندێ سەرگەردان وەک ئاو شەیدایە
بەردەڵ بەردییە، ڕوو لە بەغدایە
دەستەیەکی تر بە تەپ و گڕە
پیاو دەسووتێنێ، زادەی ئاگرە
هەندێ وەک دایک دڵسۆزە و چاکە
ئەتگرێتە خۆی، وەک خاکی پاکە
بەڵام کە خاک بێ لە ڕێی ئینسانا
عادەتە هەرچی هەڵسا پێی پیا نا
پێسی زیندوانی بەسەرا ئەکرێ
مردیشی ئەو لە باوەشت ئەگرێ
ئێستا ئەمەوێ تێبگەم ئەم چوارە
بۆ ڕۆژی ئەمڕۆ، کامیان بە کارە؟
باوجود هەرچی من بڵێم بۆشە
هەرکەس ئەتواری خۆی لەلا خۆشە
هەمووی لە قاڵبی وەستایەک دەرچوو
«قَدْخَلَقَکُمْ أَطْوَارا»ی فەرموو
سروشتی «هیتلەر» ئاگری قودرەتە
شەیتانە و لای خەڵک وا بە حورمەتە