عەشق ئەو عەشقەیە وەک دوگمە و قەیتان

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  1016 بینین
عەشق ئەو عەشقەیە وەک دوگمە و قەیتان
لە یەکتر ئاڵێن بە دەست لە ملان
بە جووت بگەوزێن لە سینەی سافا
دەم لە ناو دەمدا و مل لە تەنافا
ئەوەیان خۆشە کە بێ منداڵن
جەرگیان ناسووتێ کە بۆی بناڵن
موعجیزەی گەورەی «عیسا» ئەمەیە
منداڵی نییە بێ قڕە و وەیە
ئەم مانگەیش هێشتا شینی «حوسەین» بوو
واوەیلای «زەهرا» و ناڵەی کەونەین بوو
هی ئەوتۆ هەیە بۆ نانی منداڵ
چاری نامێنێ ئەبێ بە حەماڵ
هی ئەوتۆیش هەیە سەری بائەدا
بە بادە غەمی خۆی بە با ئەدا
هی وایشمان هەیە تریاک ئەکێشێ
ماریش پێوەی دا، هیچ کوێی نایەشێ
منی بە بەنگی موحیبەتی خوا
نەمار، نە دووپشک، گۆشتی من ناخوا
چەند خۆشە ئینسان لە خۆیا پاک بێ
لە بەندوباوی دونیا بێباک بێ
سەر گوزەشتەکەی دووپشک و کیسەڵ
لەم زەمانەدا بووە بە مەتەڵ!