ئەو چوار عونسورەی سروشتی منن

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  669 بینین
ئەو چوار عونسورەی سروشتی منن
هەر چواریان لەگەڵ یەکدا دوژمنن
ئاو و، ئاگر و، با، لەگەڵ خاکا
ئەویان لەگەڵ ئەو کاتێ هەڵناکا
کە من لەمانە دروست کرابم
چۆن لەگەڵ برای خۆما برابم؟
سەیر ئەو سەیرەیە ئەوانەی چاک بوون
نەتەوەکانی ئەوان ناپاک بوون
جارێ کوڕانی ئەوەڵ پێغەمبەر
ئەوان یەکتریان دایە بەر خەنجەر
دووەم یۆسفی شیرین خەت و خاڵ
براکانی خۆی هاویشتیانە چاڵ
ئێستایش دەبینین کوڕە وەلیەکان
دەست ئەوەشێنن بە تیر و پەیکان
وەڵڵا وەبیللا کاری ئەڵڵایە
ئەم بگرە و بەردە و شەڕ و هەڵڵایە
ئەگینە خوا خۆی بە ئێمەی فەرموو
بمانویستایە ئوممەت یەک دەبوو
ئەگەر دونیامان وەک بەهەشت ئەبوو
هیچکەسێ بەلای خوادا نەدەچوو