لەسەر هیچ بارێ ناوەستێ ئینسان
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
852 بینین
لەسەر هیچ بارێ ناوەستێ ئینسان
سروشت دراوە ئینسان لە نیسیان
گیا لەسەر بنجی خۆی ئەڕوێتەوە
ئینسان کە چێنرا سەوز نابێتەوە
ئەڵێن ڕۆحی ئەم لەبەر ئەوایە
کەوابێ ڕۆحیش چەشنی کەوایە
ئەوەی کە ئەڵێن ڕۆحی خەبیسە
ڕۆحی پیاو نییە، ڕۆحی ئیبلیسە
هی وایشمان هەیە ڕۆحی شەیتانە
«شَیَاطِینَ الْإِنْس» نەسسی قورئانە
باوجود کە خوا ڕێم لێ تێک ئەدا
چیم دەست ئەکەوێ لە دۆستی بەدا
لەگەڵ بەدگۆدا ئازای دەربەرە
بە موحاوەرە و بە موجاوەرە
پیاو بێ جێ توند بێ، قاچی شەق ئەبا
«سرکە» کە توند بێ «قاپی» شەق ئەبا
غەیبەتی حەمام دەنگ ئەداتەوە
چیتی «بەقەمیش» ڕەنگ ئەداتەوە
ئەو حەلوا خۆشەی پاشملە ئەیخۆی
خوا فەرموویەتی گۆشتی برای خۆی
زستانان خۆشە کۆمەڵی شەوێ
بەڵام «ماڵ وێر»، غەیبەتی ئەوێ