هەوای زستانە «خومان» بەتاڵە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  904 بینین
هەوای زستانە «خومان» بەتاڵە
هەموو کەماڵێ دوایی زەواڵە
خوا بیدا و وێنەی ئەستێرە هەڵات
بەدکار بە هەلات، ڕووزەرد بوو هەڵات
لەم قوببەیەدا ئەوی بمێنێ
دەنگێکی خۆشە گوێ ئەزرنگێنێ
کاتێ ئەتبەنە «گردەکەی سەیوان»
ئەتخەنە ژێر خاک بە دەنگی قورئان
شەرت وایە بە دڵ ڕەحمەت بنێرن
نەوەک بە جنێو هەڵت پەسێرن
پیاوی بەدزوبان زوبانیان بڕی
بە پەڕەی قورئان خوێنەکەی سڕی
تفیان ئەکردە سیمای بێعارێ
ئەیگوت: ڕەحمەتە باران ئەبارێ!
ئەڵێن ئەژدەها هەڵی ئەکێشن
ئەم خەڵکەیش لە دەست «هیتلەر» بە ئێشن
خۆزگە ئەویشیان وا هەڵدەکێشا
بەڵام لە پێشدا دانیان ئەکێشا
کاروانی حوشتر ئەکشان بە بێدەنگ
کەرێکی دێزیان بوو بوو بە پێشەنگ
وتم: «هیتلەر»ە کەوتە پێش ئەڵمان
کەرەکە توند بوو لێم هاتە زوبان
وتی: خوا نەکا ببم بە «هیتلەر»
وەک ئەو خوا بمکا بە ئالەتی شەڕ!