خوا هەندێ کەسی بۆ شەڕ داناوە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  884 بینین
خوا هەندێ کەسی بۆ شەڕ داناوە
«زرێ»ی گوناهی لەبەر کراوە
لە ئاهـ و ناڵەی هەژار ناترسێ
لە پرسیاری مەحشەر ناپرسێ
خراپە ئەکا لەگەڵ پیاوچاکا
لای وایە دوعا کاری لێ ناکا
کەچی لە پڕێ ئاهێ ئەیگڕێ
زرێی ئەدڕێ و ئاهی ئەبڕێ
ئەتلێتەوە وەک ماری بە گێنگڵ
بە سەد قێزوبێز ئەیخەنە ژێر گڵ
مەڕنەمووکەکان بە گورزی گران
بەردەبنە وێزەی ئەیخەنە ئامان
هاکا «هیتلەر»یش وەک «ئەسفەندیار»
تیری ڕۆستەمی لێ کەوتە ڕووی کار
چاوی غروری کوێر بوو بە پەیکان
بە کوێری گەڕا یاوەری شەیتان
ئێستا نازانێ خوینڕێژی چییە؟
چونکو خۆی ژن و منداڵی نییە
ئەگەر کەسێکی خۆی بکوژرایە
نەدەبووە باعیس بۆ ئەم هەرایە
وا بە نای ناحەق جیهانی شێواند
هیچیشی بۆ خۆی لێ هەڵنەکڕاند
هیندە سەری خۆی لێدا بە بەردا
کاتێکت زانی دەستی لێ بەردا
چرایە لە لای خواوە ئەسووتێ
کە فووی لێ کرا کەپوو ئەسووتێ