کەوش دڕا جارێ پینە ئەکرێ
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
983 بینین
کەوش دڕا جارێ پینە ئەکرێ
زۆر پینە کرا پێی پیاو ئەگرێ
پێڵاو و قەبری تەنگ بە ئازارن
دەست تەنگ و ڕووگرژ هەردوو بێکارن
سەد بزن سواری گامێش ئەکرێ
ئینجا پێڵاوی پێمان ئەدروێ
ئای پێخاوسی چەند باش بوو جاران
نە «کەرەتە» بوو نە کەوش هەڵکێشان
ئێستا موحتاجی کەرەتەین هەموو
بەڵکوو پێڵاومان بۆ هەڵکێشێ زوو
پیاوی بە تەمکین ڕەنجی بە بادە
بە لۆغەتی میسر «جەواد» گەوادە
لە حیجاز ناوی نامووس «پەشە»یە
خاتوو ئایشێش لای ئێمە «وەشە»یە
پاروو گیرایە قورگ چاری ئاوە
ئاو لە بین گیرا کفنی جاوە
هیچ کەس لە پڕێ نەبووە بە کوڕێ
تا دەبێ بە پیاو سەد کفن ئەدڕێ
ئەوەی لەسەر کار پیاوی دانابێ
ئەبێ سەرکاری پیاوی دانا بێ
ئەگەر بپرسی دوژمن لاڵ ئەکەی
ئەگەر بترسی «عەدو» زاڵ ئەکەی
لێدە لە سەفی ڕەندان تێپەڕە
چارەی پێشکەوتن تەشقەڵە و گەڕە