سۆفی ئەڵێ: جیم لە عەرش و قورشە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
819 بینین
سۆفی ئەڵێ: جیم لە عەرش و قورشە
هیچ کەس بە دۆی خۆی نایەژێ ترشە
ڕۆژێ سۆفییە و ڕۆژێ دەروێشە
ئاخوڕی نییە، وەک سنگ هەڵکێشە
خۆی پێوا وتی: باڵا شەش گەزم
سەیرم کەن ئەزم وا هەلئەبەزم
کە هاژەی تەرزەی لە پڕ هاتە گوێ
بۆ کون ئەگەڕا کە خۆی تێکوتێ
پیاو ئەو پیاوەیە خۆی لێ نەگۆڕێ
مریشک کە تەڕا هێلکەی دەدۆڕێ
ئەو پارانەیان دا بە تەلغراف
ئابڕووی خۆیان برد بە لاف و گەزاف
ڕۆژێ خەڵک ئەکەن بە «ئیبنوزیاد»
هەزار سوێند ئەخۆن ئەچن بۆ جیهاد
ئەگەر کەفارەت لە سوێند بدرێ
گەنمێکی زۆر بە فەقیر ئەبڕێ
سبەینێ کە دەور گۆڕا هەر ئەوان
بە «ماسکەوە» ئەکەونە مەیدان
هەرچی هەڵدەسێ ناوی ڕەئیسە
نازانن ئەوە پشتێن گوریسە
خۆزگە ئەو کەسەی کە نەناسراوە
دەخڵی نەئەبوو بەسەر سەراوە