هەرچەند کە ڕادیۆ دەنگ ئەداتەوە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
910 بینین
هەرچەند کە ڕادیۆ دەنگ ئەداتەوە
گوێ ئەگرم بۆ ڕاست بە ئاواتەوە
یاڕەبی ماڵی درۆیان شێوێ
درۆی وا دەکەن ئەوەندەی کێوێ
بۆیە لە درۆ ناپەرموونەوە
چونکو ڕووبەڕووی یەک نابنەوە
لەمەیشا پەنجەی جوولەکەی تیایە
خومی شێواوە، کەوتۆتە کایە
هەرچەند قەلەکەی «پەروین» ئەقڕێنێ
لە ڕادیۆ ڕاستر قسەی بۆ دێنێ
پشیلە بەرەو قیبلە چاو بشوا
میوانێکی دێ کەر و بار لە دوا
لە تێبینیدا وەک «ئینگلیز» وایە
دوو جار ئەپژمێ ناچێتە کایە
بەڵام کابراکەی دۆستی «ئەڵەمان»
بێ سەبر و بێ جەخت ئەچێتە مەیدان
سەگی هار چلەی تەواو بوو ئەمرێ
هەرچی تووشی هات بۆیە ئەیگرێ
هەزار و نۆسەد چلی تەواو کرد
لە چل و یەکدا هاکا «هیتلەر» مرد
بەخوا تاقەتی بەشەر نەماوە
دنیای گوڵ گوڵی کرد ئەم خوێناوە