ناڵەی شەو ناڵی ناڵدار ئەشکێنێ

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  1593 بینین
ناڵەی شەو ناڵی ناڵدار ئەشکێنێ
زوڵمی ڕۆژ ماڵی ماڵدار ئەڕمێنێ
هەناسە و زۆردار بەفر و هەتاوە
باوجود ئێستا باوەڕ نەماوە
دەستی دز بڕین باو بوو تا دوێنێ
ئێستا دەستی دز گورز ئەوەشێنێ
خۆ بابی بابی نەما لەم شارە
کەچی دەبینم کەر سواری سوارە
کەرەکەی عوزێر تەنها دەزەڕێ
کەڕەشێخ زۆرجار لە ژن دەپەڕێ
جاران ڕێی بەغدا ئەمەندە دوور بوو
مەسەلی چوونی بەغدا مەشهوور بوو
ئێستا کە «تەرەن» ڕێی کرایەوە
ئەو مەسەلەیە وەرگەڕایەوە
خورمای کوردکوژە ناوی گۆڕاوە
بەو ناوبردنەیش باوی نەماوە
ئەوەتی پردی زنجیر نەماوە
دیجلە بەهاران شێتێ تەواوە
هەر بەو شێتییە کە کەف دەچێنێ
ئەترسم ڕۆژێ بمانخنکێنێ
خورما و پڕتەقاڵ لە بەغداوە دێ
لێرەوە ترێ و هەرمێی بۆ دەچێ
هەر دوولا بۆ یەک دیاری دەنێرین
بۆیە بە خۆشی ڕادەبوێرین
ناچارین هیچمان بێ یەک هەڵناکەین
لەگەڵ یەک پاک بین، هەر ڕوو لە چاکەین
دوو دەست یەککەون هێزیان پێکبێنن
ڕەگی درەختیش لەبن دەردێنن