زۆردار کە لێکەوت بایەزیدێکە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  1011 بینین
زۆردار کە لێکەوت بایەزیدێکە
بای ڕێکەوت بیبا یا یەزیدێکە
«إِنَّ اْلإِنْسانَ لَیَطْغَی» دیارە
کردەوەی خواری بەندەی بێعارە
هیتلەر بە غروور هاتۆتە مەیدان
«أَنَا رَبُّکُم» ئەڵێ بە جیهان
بەڵام ئەو تەونەی گرتوویەتە دار
نایتەنێ بۆ کەس دەستی ڕۆژگار
ئەو کەسەی کەوا زۆر بەرز ئەفڕێ
کە کەوتە خوارێ هیلکی ئەبڕێ
لەو ڕۆژەوە خوا دنیای داناوە
هەمووی بە جارێ بە کەس نەداوە
ئەو دەوڵەتانەی دڵ بریندارن
کێ دەڵێ لەگەڵ قاتڵدا یارن
برینی ناحەق قەتماغەیش بێنێ
بیر ناچێتەوە، ئێشی دەمێنێ
دونیا شێواوە و پشتمان نەوییە
سا بزانین خواستی خودا بە چییە
دەست بە کڵاوی خۆمانا بگرین
بۆ خوێن ڕشتنی ناڕەوا بگرین
ئێمە شەڕکەر نین، هیچمان لێنایە
بە فێڵ گرانی دێنێتە کایە
«ڕازیانە» لەبەر دەرگامان بارە
کەچی زگ یێشە کەوتە ئەم شارە
کاری ناڕەوا تاسەر نامێنێ
خوا حەقی «بزنی بێ شاخ» ئەسێنێ