ئەو کەسەی کە سەنگ لە خەڵک ئەگۆڕێ

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 2 خولەک  594 بینین
ئەو کەسەی کە سەنگ لە خەڵک ئەگۆڕێ
سینگی نایە گۆڕ، سەنگی ئەگۆڕێ
تەرازووی ئێرەت ئەگەر سەر نەکا
تەرازووی ئەولات سەرت دەر ئەکا
نرخمان گرانە و «حوققەمان» سووکە
ئەپاڕێینەوە لای «مەڕنەمووکە»
مار و دووپشکی دونیا بە زەبرن
بۆ پیاوی زۆردار هاودەمی قەبرن
بەڵام فایدەی چی؟ ئەمانە بۆشە
ئینسان زۆردارە، زوڵمی لا خۆشە
ئینسان لە «نیسیان» درووست کراوە
بیری ناو بیری لە بیر نەماوە
ئەگەر وایش نەبێ هەموو بە عیبڕەت
تەرکی دونیا کەن بکەونە عوزلەت
هەموو دەبینە فریشتەی تەنیا
هیچ کەس نامێنێ ڕوو بکاتە دونیا
«هیتلەر» بۆ دونیا، دونیای وێران کرد
بە شەڕ ملیۆنێ خەڵکی لەناو برد
نایەتە عەقڵی کە ئەویش ئەمرێ
وەک «چەنگیز» ناوی بە خوێنڕێژ ئەبرێ
وا بڵێین «هیتلەر» بۆ خۆی هار بووە
نازانم خەڵکی بۆچی لە دووە؟
بە سەنعەت ئاو و هەوا ڕام ئەکەن
بە وەحشەت دونیا بێ ئارام ئەکەن
ئەمەندە بە جۆش بۆ شایی ناچن
نەمامی عومری خەڵک هەڵدەپاچن
ئەوانەی کەوا بۆ شەڕ دەبرێن
بێ گومان خۆشیان تیادا دەکوژرێن
فەرموودەی خوایە و کردەوەی یەزدان
«لَوْلا دَفْعُ اللَّە» هاتۆتە مەیدان