ئەو کەسەی کە لووت لە دۆست هەڵدەکا

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  638 بینین
ئەو کەسەی کە لووت لە دۆست هەڵدەکا
بێگانە چۆنی باوەڕ پێ بکا
ئەوانەی بەدی ئەهێننە دی
ئایا لە چاکە بەدی چییان دی؟!
کەری دێز مەنێ جۆی بۆ نەپێوی
تۆپینی ئەوێ بە زیانی خێوی
دەستەیەک سواری گەمییەک بووبوون
بە ڕێی دەریادا بۆ مەککە دەچوون
یەکێکیان شەڕی لەگەڵ «قەپتان» کرد
خستیانە سەربان لە ژووریان دەرکرد
لە ئەهڵی «واپۆڕ» بووبوو بە دوژمن
ئەی گوت نوقوم بێ «قیریسیا» لە من
«هیتلەر» چووە سەر قەبری «ناپلیۆن»
وتی: ناوداری تەئریخ چۆنی، چۆن؟!
ناڵەیەک لە خاک هات بە حەزینی
وتی: وا تۆیش دێی بۆ خۆت ئەیبینی
لە داخی ئینگلیز من هاتمە گۆڕێ
ئێستا چۆن بە تۆ دونیا ئەگۆڕێ؟!