مریشک ئەچێتە جێیە چینەی بێ
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
1 بینین
مریشک ئەچێتە جێیە چینەی بێ
ناچێتە جێیە کەوا چی نەبێ
ماڵ لێی نەبەخشی کەمتر بەرئەگرێ
مێو کە نەیبڕی کەمتر بەر ئەگرێ
ئاو بەری گیرا پەنگ ئەخواتەوە
ڕایی بێ ڕێبوار لێی ئەخواتەوە
ئەوەی بە پارە لە خۆی بایی بێ
بایییە هەر چەند ملیۆن بایی بێ
زوبان چاک زۆر کەم قۆرتی دێتەبەر
زوبانە کە سەر ئەخاتە خەتەر
کەڵەشێر تا کۆڵ بدا بەگیرە
فیتنە هەوێنی نۆ قازان شیرە
سۆفی حەرام خۆر وەک کەڵەشێرە
بانگت بۆ ئەدا و بە پیسیش فێرە
هێستر کە دایکی لە کەر بەرئەگرێ
ڕنەکی ئەکەی گازت لێ ئەگرێ
بە هێستریان گوت باوکی تۆ کێیە
وتی ڕەسەنی دایکمم پێیە
خۆزگە ئەو کەسەی بە زۆڵ دەرئەچوو
ئەویش وەک هێستر بەری نەئەبوو
پیاوی ساف دەروون کە لە شیر ئەچێ
بە گڕێ ئاگر لە پڕ هەڵدەچێ
ئاوی خوڕ هەرچەند کە ئەتترسێنێ
هەر ئاوی مەندە پیاو ئەخنکێنێ
ئاو و پیاو، مەند و مۆن بێ بترسە
هەر چیت دی ناوی باوکی بپرسە
ئەو ژنەی کە مێرد لای نەنگەویست بوو
شەوێ دزی دی، مێرد خۆشەویست بوو