پارە و تەیارە هەردوو وەک یەک وان
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
2 خولەک
1025 بینین
پارە و تەیارە هەردوو وەک یەک وان
ئاشکرا و پەنهان جەوەندەی هەوان
بە هەوای بەرزی پیاو ئەجووڵێنن
ئەوی سواریان بێ ملی ئەشکێنن
جاران گوێ زرنگەی پارەی کە دەبیست
لە دەنگی تەورات خۆشتری ئەویست
ئێستا کە نۆتە و کەللەی قەڕاڵە
زرنگەی نایێ و چاو پێی خۆشحاڵە
قەڕاڵ هەر چەندە خۆی زیندووترە
شکڵی نۆتەکەی خۆشەویستترە
سەد نەقشی جوانی نەوجەوان و ژن
نابێ بە ڕەسمی نۆتێکی چڵکن
هەندێ نۆت جاران لە برەودا بوون
دەوڵەتیان نەما بە زیفۆس دەرچوون
ماڵ بۆ خواردنە، نەک بۆ هەڵگرتن
بەشی کەس نەدەی ئەبن بە دوژمن
هەندێک ئەکەونە سەر ڕێی بۆڵشەویک
لەگەڵ پارەدا ببن بە شەریک
ناڵێن مەحسوولی کەسی خۆیەتی
ساڵ دوازدە مانگە هاتوچۆیەتی
خوا کە بنچینەی دنیای داناوە
بەشی هەر کەسی جوێ بە جوێ داوە
گەورە و بچووکی ئەگەر نەبووایە
ئەم کۆمەڵییە چۆن ئەهاتە کایە؟
هەمیشە عەقڵ و عیلم لە پێشە
لە هەموو شارێ نەزان بارکێشە
ئەوەی کە خانووی لە بەرد ئەتاشی
زۆری پێ نەچوو جێما لە پاشی
بە قوللەی بەرزی خانوو مەنازە
بەشەر بۆ مردن دائیم ڕێبازە
هەر پیرێ خانووی تازەی دروست کرد
خۆشی تیا نەدی بە داخەوە مرد