کە تۆ بەخشیت و جنێویان پێدای
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
2 خولەک
965 بینین
کە تۆ بەخشیت و جنێویان پێدای
ئینجا بزانە کە مەردی خودای
ئەگەر پیاو خراپ هات مەدحی کردی
ئەوسا بزانە کە تۆ نامەردی
کارخانەی بەشەر هەمووی ڕەنگ ڕەنگە
بۆیە کوڕ لەگەڵ باوکا بە جەنگە
خوا بیویستایە خۆش خوو خۆش سروشت
یەک قاڵب هەمووی وەک یەک دادەڕشت
ئەگەر خوا ئەوی بەو نەکوشتایە
جێ نەدەما لەم تۆزە دنیایە
بە کەس حەل نەکرا ئەم گفتوگۆیە
هێندە دەزانم بۆ کەیفی خۆیە
هیتلەرێک دێنێ ئەیکا بە «سَفّاک»
خۆی سەیری ئەکا بێپەروا و بێباک
ئەم هەموو خوێنەی پێ ئەڕژێنێ
پاش چی! دەماری ئەویش دەردێنێ
دنیای وێران کرد بە لەقە و گازێ
ئەم هەموو نازیەیش هەر بەو دەنازێ
ئەڵێن هار چل شەو ئەژی، کوا وایە؟
دە، چلەیشی چوو! لە برەودایە
بەڵام تا یازدەی تەمووز ئەمێنێ
ئەوسا ئیزرائیل گیانی دەردێنی
بزانین ئەوسا چیتر دەقەومێ؟
وەک خۆی دەمێنێ ئایا هیچ قەومێ؟
ڕۆژێ بایەزید هات خۆی هەڵکێشا
خەرقە شڕەکەی لە شەت هەڵکێشا
ئاگری دۆزەخی ئەکوژاندەوە
خەڵکی لە یەکتر ئەڕەواندەوە
وەلەکێ قامچی دا لە قولەپێی
جەرگی پێی ئێشا و ئازار، گەییە پێی
وتی جەهەننەم با تیژ بێ تاوی
تەڕ و وشک تێکڕا بکەونە ناوی