فەرموودەی خودا گەورەی ئەحکامە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
1179 بینین
فەرموودەی خودا گەورەی ئەحکامە
«مَرُّواْ بِٱللَّغوِ مَرُّواْ کِرَاما»
ڕزگاری لە نەفس بە دڵی پاکە
بەدیش ببینی هەر چاک بە، چاکە
بە زوهدی جاهیل ئیعتیماد مەکە
بە غرووری عیلم خۆت بەرباد مەکە
ئەگەر لە عەیبی خۆت تێگەیشتی
عەیب لە خەڵک گرتن زوو بەجێی هێشتی
ئەگەر دوژمنی خۆت بە کەم بگری
بۆ غافڵیی خۆت تا زووە بگری
کەمی خۆت مەدە بە زۆری خەڵکی
کە چاولەدەست بی دیارە بێ کەڵکی
ئەوی لە دەست چوو خەمی بۆ مەخۆ
خۆت بپارێزە لە تەفرە و درۆ
ئازار بە ئازار دامەمرکێنە
بیشڕەنجێی دڵی کەس مەڕەنجێنە
ئەگەر تۆ دڵت بێ تەجرەبە بەست
هەروا بزانە مار دەماری گەست
هاوسێ نادان بێ ماڵت زیندانە
لەتەک ڕەندانا زیندان سەیرانە
بۆ کەس حیسابی بەربووە مەکە
پێت بڵێن نەزان خۆت تووڕە مەکە
لەگەڵ نەناسا مەبە بە هاوڕێ
ڕێی شەقام بگرە تا ئەتباتە ڕێ
بە هونەری خۆت، خۆت هەڵمەکێشە
ڕەزامەندی خەڵک بۆ تۆ لە پێشە
کە بە پشت کەری دێزا ڕابووری
ئەبێ لە ژانی لەقەی ببووری