بێورە ترسی کە هات بەسەرا

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  834 بینین
بێورە ترسی کە هات بەسەرا
کونە مشکی بۆ ئەبێ بە سەرا
نازپەروەر قۆڵی زوو ئەبێ جەمام
سەرما قنگی کەر ئەکا بە حەمام
خۆی شاردبووەوە لە کون و قوژبن
کەری خۆی لەلا بوو بە ڕموزن
ئەوەی لە ڕاستی هەژار دلێرە
بە کەر ناوێرێ بە کورتان شێرە
وتیان تۆ خورمات ئەوێ یا مێوژ
وتی من ناوی خۆم ناوە خورمژ
کە ئاو بڵق ئەکا و قوت ئەبێتەوە
زۆری پێ ناچێ ئەنیشێتەوە
ئەو بڵقە ئەڵێ: دەوڵەمەند وایە
کەللەی بایێکی خەڕۆیی تیایە
نازانێ دنیاش وا بێ بایەخە
ئەوی بمێنێ داڵدە و دایەخە
چاکە ڕۆژێ دێ کە دێتەوە ڕێت
بەخشەندە نەبی کێ ئەزانێ کێیت
زمانی چاکیش جێی پارە ئەگرێ
زۆر جار هەژاری پێ دائەمەزرێ
ئای زمانی بەد، وای پیاوی بەدکار
زمانت بڕن دەمی گۆڕەوشار
باوجود بەدکار نازانێ ئەمرێ
بە گورزی ئاگر تێی هەڵئەدرێ
پیاو لە خزمی پیاو نوشوست نابینێ
گۆشت ئەبا و ئێسقان تێک ناشکێنێ
خەڵک و بێگانە خزم ئەسووتێنێ
کەچی ئاو ئەڕوا زیخ هەر دەمێنێ
بەڵام بێگانە ئەگەر دانا بێ
خۆشە لە ڕێیدا خۆیشی دانابێ