سەرەتای پاقلە حرەی سەودایە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
737 بینین
سەرەتای پاقلە حرەی سەودایە
بەڵام ڕێواسی مزری لە دوایە
ڕاستە کە پاقلە هۆش ئەشێوێنێ
ڕێواسیش سەودا دادەمرکێنێ
پاقلە ئاوایی خستە میری سوور
مار و موور کەوتە ناو گیای شارەزوور
دنیایە بەهار بولبول دەخوێنێ
قڕناویلکەیشی تیا دەقڕێنێ
خوا لە بەهاردا گوڵ دەپشکوێنێ
سەری قالۆنچەیش بەگڵ دێشێنێ
های چەرخی کەچ باز های تەبعی ناساز
بەهارە گوێدرێژ کەوتە لەقە و گاز
هەندێ نووکە نووک سەر بە تووکەوە
هەندێکیش دەچن بە پیر بووکەوە
مەفسول هیوادار کە سەردەکەوێ
مەئموور لە ترسی عەزلی ناسرەوێ
بۆ میوان کورسی سەرا نەماوە
بۆ بێکار زیکری مەولەوی ماوە
ئەوی ئیجارەی قورسی لەسەرە
مژدە بێ کوللە لەسەر سەفەرە
ماندوەتی نەبێ چی پێ دەبڕێ
بە ڕاستا ناڕاوا، ڕێی چەوت ئەگرێ
هەیە لە برسا هێزی ئەبڕێ
لەگەڵ تێری خوارد سفرە ئەدڕێ
دوای ئەوە کە هات برسی بووەوە
بێژنگێ ئەگرێ بە دەم ڕووەوە
پارووی بێ شەرمی زەحمەت قووت ئەچێ
ئابڕووی عەشرەتێک بەوانە ئەچێ