هۆش و کردەوە وەک گیان و لەشن
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
2 خولەک
922 بینین
هۆش و کردەوە وەک گیان و لەشن
بۆ ڕێگوزاران دوو چرای گەشن
هۆش درەختێکە کردەوە بەریە
لە بڕانەوە، بەری، بەرییە
ئازاری خەڵکت کە لە دڵایە
لە ئاسمانیش بی پێت لە گڵایە
پیاوی بە ئازار وەک دوومەڵ وایە
بایش لە لەش دەرکا ئێشی هەر تیایە
زامی تیغ چارەی دێت بە دەوایێ
برینی زمان سارێژی نایێ
ئەوی هەیەتی و چاوی تێر نابێ
«هَلْ مِنْ مَزِید»، یاخوا هەر وابێ
دەوڵەمەندی ڕژد ڕەنجی بە بادە
نازانێ میرات شەڕی ئەولادە
هەندێ لە چاوکە و چاوگە ئەکۆشن
تینوون لە خەودا ئاو هەڵدەلووشن
ئەو تۆڕەی ڕاوکەر ماسی پێدەگرێ
کە زۆری پڕ کرد قوڵفی ئەپچڕێ
لەگەڵ دوو کەسدا هەڵ ناکا ئینسان
دراوسێی بەد و ژنی نافەرمان
سێ چشتیش باشە بۆ خۆشی جیهان
بێ کینی و وەفا و سووکی گوزەران
چوار چشتیش باوە وەک درۆی نیسان
دوایی هەر چواریان ئەکەونە مەیدان
زوهدی ڕیایی و خەڵکی تەفرەدان
درۆی نابەجا و زۆر خۆهەڵکێشان
پێنج چشت بێنەجێ ئەگەر بە کەڵکی
دۆست خۆشویستن و نان دان بە خەڵکی
دڵێکی پاک و زمانێکی چاک
ڕاست و ڕەوانی پێی دەژیت بێباک
ئەگینە هێندە هەوڵ و تەقەللا
خەو و خۆراکت ناهێڵێ لە لا