کە قەل قڕاندی بڵێ: یا غەففار

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  974 بینین
کە قەل قڕاندی بڵێ: یا غەففار
بایەقوش خوێندی بڵێ: یا سەتتار
کە تووشی چاوپیس هاتی زووبەزوو
دەس بکە بە دوعای «وَإِنْ یَکَادُ»
ئیتر مەترسە وا ڕەمەزانە
پیشەی جنۆکە لە کون خزانە
بە موبارەکی ڕەمەزان ئۆخەی
جنۆکە سووژن درا لە یەخەی
بەڵام کۆڵ نادەن کۆڵ و بارکێشن
ئەترسم جەژنێ سووژن هەڵکێشن
لە دەست جنۆکە «بسم اللە» ئەکەم
کەچی خەڵک لە خۆم تەوەللا ئەکەم
لە «بسم اللە»یشم مەعنا دەردێنن
بە ئاگری نەورۆز زوو ئەمسووتێنن
هەندێ جار پەڵە، پەڵەی برنجە
زۆر جاریش باران گەوهەری گەنجە
بۆ باران ئەچنە نوێژەبارانە
کە باریش ئەچنە پەنا گوێسوانە
گەورە بە باران ئاشی ئەگەڕێ
بە وشکیش جوتیار شێفی ئەبڕێ
کەچی ژێردەستیش ژنی سەد مێردە
کەسداریش ئەڵێی ماسی بێ کێردە
خۆ ئێستا ماسیش تەفر و توونایە
هەرچی هەڵدەستێ دەست بە بۆمبایە
کەس لە دونیادا ئاسوودە نابێ
مەگەر خاوەندی داڵدە و پەنا بێ
ئەڵێن بارەگای خودا بە حەقە
بێکەس لەبەر شەق ئەحواڵی شەقە