مژدە بێ یاران دوای شەوی بەرات
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
2 خولەک
985 بینین
مژدە بێ یاران دوای شەوی بەرات
وا مانگی نوێژ و ڕۆژوومان بۆ هات
ئەو خوا پێداوە کە موسوڵمانە
خۆشی خۆشیەتی کە ڕەمەزانە
هەندێکیش مێز و کاغەز ڕێک ئەخەن
زیکر و تەراویح بە قومار ئەکەن
وا من فتوام دا ڕۆژوو نەگرن
بەو شەرتە دەستی بێدەستان نەبڕن
چونکە خوا حەقی خۆی لێدەبوورێ
بۆ حەقی خەڵکی ئەیکاتە ژوورێ
ئەی ڕۆ! لەو ژوورە کە وەک تەندوورە
لنگ بەرەوژوورکەر لنگ بەرەو ژوورە
ئەو لنگەی جووتەی پێ وەشاندووە
چەند کەسی بێ شێو پێ نواندووە
لێی دێتە زمان ئەبێ بە جاسووس
ئەیخاتە مەیدان هەر وەک ژورناڵ نووس
ئەوانەی لێرە تەریق نابنەوە
لەوێ ڕووڕەشن دەچنە کونەوە
چەند خۆشە ئینسان بە ڕوویێکی پاک
دۆست و بێ باک بێ بە کردەوەی چاک
ئەگینە هەرچەند سەرخۆشی مەیە
بە پەروای قینی خەڵک بێ نەشئەیە
بڕوانە کە تۆ قەرزت لەسەر بێ
بەوێدا ناڕۆی با ڕاگوزەر بێ
بەدیش قەرزێکە نابژێرێتەوە
ترسی ئینتیقام هەر نابرێتەوە
لە خەویشا بێ هەر وەک مۆتەکە
دوژمن لە دەورت دەست بە کوتەکە
کەوابوو بۆچی دڵ بڕەنجێنین
بۆ نەوەیش تۆوی بەدی بچێنین